یاسای هەمواری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پەسەند كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێ یاساكەی پێشوو ماوەی دوازدە ساڵ بوو كاری پێ دەكرا بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمدا بە پێویستی زانی یاسایەكی نوێ كە لەگەڵ سەردەم بگونجێت پێشنیار بكات.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی حوەزیرانی ٢٠٢٢،كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی د. ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان و د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان و بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. ڤالا فهرید، وهزیرى ههرێم بۆ كاروبارى پهرلهمان بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەكەدا یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پەسەند كرا كە یاسا نوێكە پێشتر بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕ و شارەزا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە كاری تێدا كرا و دوێنێش پەسەند كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە یاسا كۆنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەكات، یاسای ژمارە (١٢)ی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووبوو، واتە ماوەی دوازدە ساڵ بوو كاری پێ دەكرا، بۆیە بەهۆی گۆڕانكاری و پێشهاتی نوێ و بۆ بەرەوپێشبردنی ئیشوكارەكان و بۆ ئەوەی دامەزراوە و فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بتوانن خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بكەن، لەم كابینەیەدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە پێویستی زانی یاسایەكی نوێ كە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت، پێشنیار بكات.
سەبارەت بەو یاسا نوێیەی پەسەند كرا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: ئەم یاسا نوێیەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشتر لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕ و شارەزا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كاری تێدا كرا و دوای ئەوەی ڕێكارە یاساییە پێویستەكانی بڕی، نێردرایە پەرلەمان و دواتر لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانەوە گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە كرا و پەسەند كرا.