نزیكەی ٤٤٠ ملیۆن دینار، بۆ ههژده پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دەوروبەری هەولێر خهرج دهكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا بە خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی ٤٤٠ ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ١٨ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارۆچكەكانی دەوروبەری هەولێر.
ئەو گوژمەیە بە گوێرەی پلانی ساڵی ٢٠٢٢ و لەسەر ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانییەكانی بەحركە، بنەسڵاوە، دارەتوو، قوشتەپە، بەستۆڕە، ڕزگاری، شاوێس، خەبات، شەمامك، كەورگۆسك، كەسنەزان، تەقتەق، مەلائۆمەر، پیرزین، ڕەواندز، پیرمام، شەقڵاوە، خەرج دەكرێت.
پڕۆژەكان هەمەجۆرن و بوارەكانی كێربستۆن و دروستكردن و تەواوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردنی كۆڵان و قیڕتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام و چەند بابەتێكی دیكە دەگرێتەوە، بەهۆی ئەو پڕۆژانەوە ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە سنووری ئەو شارۆچكانە بەرزتر دەبێتەوە.