بە گوژمەی ١٠٣ ملیۆن دینار پرۆژەیەكی قیڕتاوكردن لە دهۆک جێبەجێ دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی پەرەپێدان و بایەخدانی زیاتر بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و كاری نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی شاری دهۆك، بە گوژمەی ١٠٣ ملیۆن دینار پرۆژەیەكی نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقام لە سنووری ڕۆژئاوای دهۆک جێبەجێ دەكەن و بە تەواوبوونی سیمایەكی جوانتر بە سنوورەكە دەبەخشێت.
پرۆژەکە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك و لەلایەن تیمەكانی شارەوانی دەست بە نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقامی جەوازاتین كەڤین لە سنووری شارەوانیی ڕۆژئاوای سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك، ئەم پرۆژەیە بە دوو قۆناغ تەواو دەكرێت، قۆناغی یەكەمی بە گوژمەی ٤٠ ملیۆن دینار و قۆناغی دووەمیشی بە گوژمەی ٦٣ ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت.
جگە لە پرۆژەیە، ئێستا ژمارەیەك پرۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانیی دهۆك و دەوروبەری لە قۆناغی جێبەجێكردندان و لە داهاتووشدا چەندین پرۆژەی دیكە دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەوەی ئاستی خزمەتگوزاری لە شارەكە بەرز بكرێتەوە، تیمەكانی شارەوانی بەردەوام دەبن لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان.