Skip to the content

تیمەكانی گەشتوگوزار گۆمی فێڵاو و دەوروبەریان خاوێن كردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان،  عێراق  (GOV.KRD)- دوای ئەوەی لە ڕۆژانی جەژن، ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆیی و پارێزگەكانی عێراق سەردانی گۆمی فێڵاویان لە سنووری چۆمان كرد، بە داخەوە لەلایەن بەشێك لە گەشتیاران گۆمەكە پیس كرا، بەڵام لەبەر گرنگی گۆمەكە وەك ناوچەیەكی گەشتیاری، دەمودەست کە تەنانەت ئەمشەویش تیمەكانی گەشتوگوزاری چۆمان و گەشتوگوزاری سۆران و شارەوانی لە ڕێگەی چەندین كرێكار و ئامێری پاككردنەوە گۆمی فێڵاو و دەوروبەریان خاوێنكردەوە.
شایەنی باسە، بەهۆی ئەوەی ڕۆژانە گەشتیارێكی زۆر سەردانی ئەو شوێنە دەكەن، تیمەكانی گەشتوگوزاری چۆمان بە بەردەوامیی لە شوێنەكەن و ڕێگە نادەن پیسی و خۆڵ و خاشاك لە شوێنەكە كۆببێتەوە، تەنانەت ئەمشەویش كاری خاوێنكردنەوەی شوێنەكە بەڕێوەچوو، هەر بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران و چۆمان ڕاسپێردراون بە وردی چاودێری گۆمی فێڵاو و ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكە بكەن، بۆ ئەوەی چیتر گەشتیار پیسی و خۆڵ و خاشاك لەو شوێنانە فڕێ نەدەن و ژینگەی ناوچەكە بە خاوێنی بمێنێتەوە.