دوا وادە بۆ سوودمەندبوون لە داشكاندنی كرێی بەستنی پێوەری ئاو دیاری كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ماوەی رابردوودا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چارەسەركردنی گرفتی نەبەستنی پێوەری ئاوی خواردنەوەی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە ڕاگەیاند و جەختی كردەوە كە ئەوانەی لە دەرەوەی شارەكانن نرخی بەستنی پێوەر لە ٨٠ هەزارەوە بۆ ١٠ هەزار و بۆ سەنتەری شارەكانیش لە ٨٠ هەزارەوە بۆ ٢٠ هەزار دینار كەمدەکرێتەوە و ئەم بڕیارەش لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دراوە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت دەكاتەوە كە بڕیارەكە بەردەوامە و بە گوێرەی دوایین ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ئێستاوە تاوەکوو ڕێكەوتی ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، هەر هاووڵاتییەک ئەگەر پێوەری ئاوی نەبەستاوە و ئێستا بیبەستێت، سوودمەند دەبێت لە داشکانی کرێی ئەو مانگانەی لە سەریەتی کە پێشتر بڕی ٨٠ هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا كراوە به ٢٠ هەزار دینار بۆ ناوەوەی شارەكان و هەروەها بڕی ١٠ هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شارەکان دیاریكراوە، بە پێچەوانەوە ئەگینا بڕی هەشتا هەزار دینار مانگانە ئەژمار دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داواش لە هاووڵاتییان دەكات كە بە زووترین کات سەردانی یەکێک لە بنکەکان بکەن و مامەڵەی پێویست بۆ بەستنی پێوەری ئاو ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند بن.