دەست بە كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٢/٥/٢٠٢٢) بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری، شارەوانی و گەشتوگوزار، دەست بە كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كرا كە لەگەڵ ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) جێبەجێ دەكرێت.
لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە دوای كۆشش و كاری جددیی بەردەوام، دەست بە هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر دەكرێت و سوپاسی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە لە چەندان بواری جیاوازدا هاوكار و پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستانن و بەشێكی ئەو هەماهەنگییانە لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێن، هیواشی خواست ئەم هەماهەنگییە بەردەوام بێت و كار و پڕۆژەی زیاتری لێ بەرهەم بێت.
ساسان عەونی داوای لە تیمەكانی حكومەت كرد كە لە ئەركی هەمواركردنەوەكە بەشدارن، دڵسۆزانە كارەكەیان بكەن و پابەندی كات بن و هەست بەو بەرپرسیارییەتییە بكەن كە لە ئەستۆیانە، چونكە ماستەرپلان بۆ چەندان ساڵی داهاتوو ڕێڕەوی شار دیاری دەكات.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی شیگیهیکۆ سوگیتا، بەڕێوەبەری ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی جایکا لە یابان، تاکیۆ ئۆچی، ڕاوێژکاری تەکنیکی جایکا لە یابان، یو یۆشیدا، نوێنەری جایکا لە بەغدا، کاۆری کۆننۆ،ڕاوێژکاری پڕۆژەکان لە بەغدا، ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پڕۆگرامەکانی جایکا لە عێراق، کۆزۆ ئۆنۆ، ڕاوێژکاری پڕۆژەکان لە کوردستان، جەلال محمد،بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پڕۆگرامەکانی جایکا بەڕێوەچوو. هەروەها لە تیمی حكومەت ژمارەیەك ڕاوێژكار لە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، جێگری پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیی و بەڕێوەبەر لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و چەند وەزارەتێكی دیكەی پەیوەندیدار ئامادە بوون.
سەرەتای ئەمساڵ، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) لێكتێگەیشتنی پڕۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریان بەشێوەی مینحە واژوو كرد كە پایتەختی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، لە ڕووی شارسازی و چەندان سێكتەری گرنگەوە، دەخاتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنەوە.
هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، جیا لە ڕێكخستنەوەی گەشەی شار، لایەنی ژینگەپارێزی و بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی خاڵی گرنگن كە ڕەچاوی كراوە.