سەنتەری ئەورووپی بۆ تەكنەلۆژیا و ڕاهێنان ئەكادیمیایەك بۆ ئەندازیارانی كوردستان دەكاتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٩ی ئایاری ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕێوڕەسمی واژووكردنی پرۆژەی بەرزكردنەوەی ئاستی توانای ئەندازیاران و دامەزراندنی ئەكادیمیایەك بۆیان لەلایەن سەنتەری ئەورووپی بۆ تەكنەلۆژیا و ڕاهێنان لە هەولێر (ETTC) و سەندیكای ئەندازیارانی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە مەراسیمەكەدا كە لەلایەن "جڤاكی ئەڵمانی بۆ هاوكاریی نێودەوڵەتی" جێبەجێ دەكرێت، ژمارەیەك وەزیر و نوێنەری باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندازیارانی بە ئەزموون ئامادە بوون.
ئامانجی ئەو پرۆژەیە دامەزراندنی ئەكادیمیایەكی زانستییە بۆ بەهێزكردنی توانای ئەندازیاران و باشتركردنی هەلی كار بۆ ئەندازیارە گەنجەكان و هەلی ڕكابەری لە بازاڕی بیناسازیدا و بەشداریكردنیان لە ئاوەدانكردنەوەی زیاتری كوردستان.