شەقامی سەرەكی ئیبراهیم خەلیل لە زاخۆ بە سەوزایی دەڕازێندرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی جوانكردنی سیمای شەقامی سەرەكی ئیبراهیم خەلیل و ڕازاندنەوەی بە گوڵ و سەوزایی، تیمەكانی شارەوانیی زاخۆ دەستیان كرد بە كاركردن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕێكخستنەوەی شەقامەكە.
بەپێی پرۆژەکە دورگەی ناوەندی شەقامی سەرەكی ئیبراهیم خەلیل بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ڕێكدەخرێتەوە و دار و سەوزایی لێ دەچێندرێت و پرۆژەکەش لەلایەن تیمەكانی شارەوانیی زاخۆ جێبەجێ دەكرێت.
شەقامی ئیبراهیم خەلیل، شەقامێكی سەرەكییە و ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان و شۆفێرانی شارەكە و دەوروبەری هاتوچۆی پێدا دەكەن و بە نۆژەنكردنەوەشی، سیمایەكی جوان بە شارەكە دەبەخشێت و كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزاییش لە سنووری شارەوانییەكە دەبێت.