لە گەڕەکی گەرمیانی ناحیەی ڕزگاری، گرفتی كەمئاوی چارەسەر كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە تیمی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە کارکردن بەردەوامن بۆ ئەوەی ئاوی پێویست بگاتە هاووڵاتییان، لەو چوارچێوەیەشدا
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان كێشەی كەمئاوی و نەگەیشتنی ئاو بۆ ژمارەیەك ماڵ لە گەڕەكی گەرمیان لە ناحیەی ڕزگاری چارەسەر كرد كە ژمارەیەك ماڵ لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن و گرفتی كەمئاوییان نامێنێت.
سێكتەری ئاو، یەكێكە لە سێكتەرە گرنگ و ستراتیژییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وێڕای بەرهەمهێنانی ئاو لە ڕێگەی پڕۆژە و بیرەكانی ئاوی خواردنەوە پڕۆسەی دابەشكردن و گەیاندنی بە هاووڵاتییان بایەخی پێدەدرێت و خەرجیەكی زۆریش لەسەر حكومەت دەكەوێت.