لە یەكەم ڕۆژی جەژندا هەڵمەتی هەڵگرتنەوەی پاشماوەی هاووڵاتییان و گەشتیاران لە هەولێر بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پێش جەژن، تیمەكانی شارەوانی و ژینگەپارێزی، بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بكرێت، سەرجەم پارك و باخچە و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێریان خاوێنكردنەوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی پشووی فەرموو بوو، هاوكات لە یەكەم ڕۆژی جەژندا تیمەكانی شارەوانی و ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێكی فراوانی خاوێنكردنەوەیان بەڕێوەبرد.
ئەمڕۆ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەستیان كرد بە هەڵمەتێكی گەورەی خاوێنکردنەوە لە چەندین پارک و بازاڕی سەنتەری شاری هەولێر، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان و گەشتیاران سەردانی ئەو شوێنانەیان کردبوو، بووە هۆی كۆبوونەوەی پاشماوە و زبڵ لە دەبەی ئاو و پلاستیك و دەیان جۆری دیكەی پاشماوەی بەجێهێڵدراو.
تیمەكانی شارەوانی داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەكەن لەكاتی سەردانیكردنی پارك و شوێنە گشتییەكان، ڕەچاوی پاكوخاوێنی بكەن و پاشماوەكانیان لە شوێنی تایبەت بە خۆڵ و خاشاك فڕێ بدەن، هاوكات دووپاتیش دەكەنەوە كە تیمەكانیان بە بەردەوامی لەو شوێنانەن و كاری خاوێنكردنەوە ئەنجام دەدەن.