مانگانە زیاتر لە ٦٠ هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك لە سەنتەری شاری هەولێر هەڵدەگیرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-پرۆسەی هەڵگرتنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بۆ پاراستنی ژینگەی شار و شارۆچكەكان بە بەردەوامی تیمەكانی شارەوانی و خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی لە هەرێمی كوردستان پرۆسەی خاوێنكردنەوە بەڕێوەدەبەن و سەرپەرشتی دەكەن. تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر مانگانە زیاتر لە ٦٠ هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك هەڵدەگیرێتەوە و چارەسەر دەكرێت.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ڕایگەیاند: ڕۆژانە پرۆسەی خاوێنكردنەوە لە سەنتەری شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و مانگانەش زیاتر لە ٦٠ هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك لە سەنتەری شار كۆدەكرێتەوە و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ زبڵخانەی كانی قڕژاڵە و لەوێ چارەسەر دەكرێت. لەبارەی ژمارەی كرێكارانی ژینگەپارێز و ئامێرەكانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك لە شاری هەولێر دەڵێ: ڕۆژانە نزیكەی ۱۳۰۰ کرێکار و ٦۰۰ ئامێر پرۆسەی خاوێنکردنەوە و چارەسەركردنی ئەنجام دەدەن.