نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی ئاوی سلێمانی و دهۆك و سۆران خەرج دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئاو و پرۆسەی دابەشكردن و گەیاندنی بە هاووڵاتییان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا بە خەرجكردنی گوژمەی ٣٩٤ ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٩٤٠ دینار، بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی تایبەت بە ئاو بە مەبەستی پەرەپێدان و باشتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی ئاو لە سنووری شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان.
بە گوێرەی چەند فەرمانێكی وەزاری، بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەسەر ڕێژەی ١٧٪ی داهاتی ئاوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاوی سلێمانی و دهۆك و سۆران، بە گوێرەی پلانی ٢٠٢٢ ڕەزامەندی درا بە خەرجكردنی گوژمەی ٣٩٤ ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٩٤٠ دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سنووری شارەكانی سلێمانی، دهۆك، سۆران.
ئەم گوژمەیە بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی تایبەت بە ئاوە خەرج دەكرێت، وەك ڕاكێشانی بۆریی ئاو، دابینكردنی گازوایل، چاككردنەوەی مۆلیدە، دانانی لم بۆ حەوزی فلتەر لە پرۆژەی ئاو، گۆڕینی تۆڕی ئاو و دانانی تۆڕی ئاو، جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی دیكە لەسەر ئاستی شار و شارۆچكەكان بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە، پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان باشتر دەبێت.