Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كارەكانی شەقامی 150 مەتری بەسەر کردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (25/5/2022) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەریی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرانی پارێزگاری هەولێر، سەردانی مەیدانیی كارەكانی قۆناغی سێیەمی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرایان لە هەولێر كرد و لە نزیكەوە ئەو پڕۆژە ستراتیجییەیان بەسەر كردەوە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: ئەو بەشەی شەقامی 150 مەتری كە درێژییەكەی 6,1 كم دەبێت و دەكەوێتە نێوان ڕێگەی سەرەكیی هەولێر- بەحركە و هەولێر-دهۆک، لەگەڵ دوو بەشەكەی دیكەدا، شەقامی سەرەكیی هەولێر-دهۆک بە هەولێر-كۆیە دەبەستێتەوە و خۆشبەختانە كارەكانی بە باشی دەڕۆن و تا ئێستە نزیكی 17%ی ئەم بەشە تەواو بووە.
ساسان عەونی ئەوەشی خستە ڕوو، وێڕای ئەوەی ماوەی خەمڵێنراوی تەواوكردنی پڕۆژەكە 550 ڕۆژە، بەڵام كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنیان داوە تا كۆتایی ئەمساڵ تەواوی بكەن. هەروەها سوپاسی كۆمپانیای هێمن گرووپی كرد كە كارەكانیان بە باشی بەڕێوە دەبەن و هەردەم پێش وادەی خۆی پڕۆژەكانیان تەواو دەكەن.
قۆناغی سێیەمی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا، بە گوژمەی 95 ملیۆن دۆلار دروست دەكرێت كە پێكهاتووە لە 3 بەرزەپرد و 2 نزمەپرد، لەگەڵ زیاتر لە 40 ئاوبەری سندووقیی قەبارەی جۆراوجۆر و بە درێژایی 30 كیلۆمەتر پەرژینی خۆپارێزی بۆ دانراوە و هەموو مەرج و هێماكانی هاتوچۆ بە پێشكەوتووترین شێوە تێیدا ڕەچاو كراون.