وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری ئاژانسی جایكا لە عێراق کۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ۳۰ ی ئایاری ۲۰۲۲ لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە گێن یۆنیدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی جایکا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوون لە بەڕێوەبەرانی پێشکەوتووی پڕۆگرامەکان و ڕاوێژکاری پڕۆژەکانی جایكای ژاپۆنی.
لەمیانەی دیدارەكەدا چەند تەوەرێكی پەیوەست بە هەماهەنگییەكانی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی لە بوارەكانی ماستەرپلانی شارەكان و سێكتەری شوێنەوار و كەلەپوور و كردنەوەی خول و ڕاهێنانی فەرمانبەران و جێبەجێكردنی پڕۆژەی مۆزەخانەی هەولێر و پڕۆژەكانی ڕێكخراوەكە لە كوردستان تاوتوێ كران.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ كاركردنی پێكەوەیی و هەماهەنگییەكانی نێوان دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی، هاوكات داواشی لە شاندەكە كرد لەگەڵ وەزارەت زیاتر هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شارەكان و پڕۆژەی مۆزەخانەی هەولێر و كردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ بەرزكردنەوەی توانای فەرمانبەران لە بوارەكانی كارگێڕی و تەكنەلۆژیدا، لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی كاركردن و هاوكارییەكان كردەوە.
لە تەوەرێكی تردا گفتوگۆ سەبارەت بە چۆنیەتی پەرەپێدانی سێكتەری شوێنەوار و كەلەپوور و مۆزەخانەكان لە كوردستان كرا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لە شاندەكە كرد كە هاوكار و هەماهەنگ بن لەگەڵ وەزارەت و هانی كۆمپانیا و زانكۆكانیان بدەن لە بواری سێكتەری شوێنەوار و كەلەپووردا كار لە كوردستان بكەن، شاندەكەش دووپاتیان كردەوە ئەوان ئامادەن بۆ هاوكاری و هەماهەنگییەكان، هاوكات گفتوگۆش لەبارەی هەندێ شوێنی شوێنەواری و كەلەپووری كران بۆ ئەوەی بتواندرێت لە بواری گەشتیاریدا بەكار بهێندرێن و وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت.
سەبارەت بە كاركردنی كۆمپانیا ژاپۆنییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بووژاندنەوەی سێكتەرەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی پڕۆژەی زیاتر جێبەجێ بكەن و دەرفەتی زیاتریش بۆ كاركردنی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بڕەخسێندرێت لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون بۆ هەماهەنگی زیاتر، لە كۆتاییدا جەختیش لەسەر بەردەوامیدان بە هاوكاری و هەماهەنگییەكان و كار و پەرەپێدانی پڕۆژەكانی جایكا لە هەرێمی كوردستان كرایەوە.