ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی نزیكەی ٢٢٠ ملیۆن دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەولێر
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دوو پرۆژەی خزمەتگوزاریی كۆنكرێتكردن و قیڕتاوكردنی شەقامەكان جێبەجێ دەكرێن و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی ٢٢٠ ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكان.
گوژمەكە لەسەر داهاتی شارەوانی و لە چوارچێوەی پلانی ساڵی ٢٠٢٢ بە مەبەستی جێبەجێكردنی هەردوو پرۆژەی كۆنكرێتكردنی چەند شەقامێك لە گوندی سێبەردان و هەروەها جێبەجێكردنی پرۆژەی قیڕتاوكردنی چەند شەقامێك لە گەڕەكی هەولێری نوێ، كەرتی ٢٥٠ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.
ئەم پرۆژانە كاریگەرییان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان و شۆفێرانی ئەو سنوورانە دەبێت، وێڕای ئەمانە ئێستا لە شاری هەولێردا لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە ژمارەیەك پرۆژەی دیكە لە قۆناغی جێبەجێكردندان.