ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی پارک و باخچە و شوێنە گەشتیارییەکانى هەولێر دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە یەکەم و دووەم ڕۆژی جەژندا ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد، هەر ئەمڕۆش لە سنووری چۆمان لە گۆمی فێڵاو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمانەوە ئاهەنگێکی گەورە بۆ گەشتیاران ساز کرا، کە هەزاران گەشتیار تێیدا بەشداربوون و كاتێكی خۆشیان بەسەربرد.
لەناو شاری هەولێریش، ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەشتیار سەردانی پارک و شوێنە گەشتیارییەکانیان کرد و لەم چوارچێوەیەشدا پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر، کە یەکێکە لە گەورەترین پارکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و گەشتیارانی ناوچە جیاوازەکای عێراق کرد و لەلایەن کارمەندانی پارک و گەشتوگوزار و پۆلیسی پارکەكەوە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش کرا، لە بەرانبەردا گەشتیاران دڵخۆشبوون بەو هەموو خزمەتگوزارییە و ژینگە جوانەی پارک و شوێنه گەشتیارییەکانی هەولێر و دەوروبەری.