Skip to the content

گۆمی فێڵاو خرایە ژێر چاودێرییەوە و ژمارەیەك چاودێری بۆ داندرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشووتر ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری ناوخۆ و عێراقی و بیانی سەردانی گۆمی فێڵاویان لە سنووری چۆمان كرد و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بەهۆی پیسكردنی گۆمەكە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان نیگەرانی زۆر دروستبوو، بە مەبەستی پاراستنی گۆمەكە لە پیسكردن و شێواندنی، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان ژمارەیەك چاودێری بۆ گۆمەكە دیاریكرد بۆ ئەوەی بە بەردەوامی چاودێری بكەن.
هەڵگورد محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان بۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: چەند ڕۆژێكە تیمەكانی گەشتوگوزاری چۆمان ڕۆژانە پرۆسەی خاوێنكردنەوە لە گۆمی فێڵاو بەڕێوە دەبەین، ئەمڕۆ شەممەش تیمەكانی گەشتوگوزاری چۆمان بە هاوكاری كۆمپانیایەكی تایبەت بە خۆڵ و خاشاكی سنوورەكەمان، شەش قەلاب پاشماوەی گەشتیارانمان لە گۆمی فێڵاو هەڵگرتەوە و ئێستاش گۆمەكە ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری لێیە، هیچ خۆڵ و خاشاكێكی لێ نەماوە و بە تەواوی خاوێنكراوەتەوە.
لەبارەی پاراستن و چاودێریكردنی، ڕایگەیاند وەك گەشتوگوزاری چۆمان ژمارەیەك چاودێرمان بۆ گۆمەكە دیاریكردووە بۆ ئەوەی بەردەوام چاودێری خاوێنیی شوێنەكە و  ڕێگری لە شێواندنی بكەن، داواش لە گەشتیاران دەكەین ڕەچاوی پاكوخاوێنی گۆمی فێڵاو و دەوروبەری بكەن.