بە ئامادەیی سەرۆکی حکوومەت تەواوکردنی بەشێکی دیکەی شەقامی ١٥٠ مەتری ڕاگەیەنرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێكی نوێی قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتریی هەولێر، بە درێژایی ١٤ كیلۆمەتر لە یەكتربڕی بەحركە بۆ گۆپاڵ و لە ڕێگەی پیرمام تا ڕێگەی كۆیە ڕاگەیەنرا.
لە ڕێوڕەسمەكەدا مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش کرد و باسی لە گرنگیی پرۆژەكە بۆ خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی شاری هەولێر كرد.
لە سەرەتای وتارەكەیدا سەرۆكی حكوومەت گوتی: "جێی شانازی و دەستخۆشییە دەبینین پڕۆژەیەكی وا بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی و بە توانای ئەندازیارانی كوردستان و كۆمپانیایەكی خۆماڵی جێبەجێ دەكرێت، پیرۆزە لە هەموو خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی هەولێر، دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار، كۆمپانیای هێمن گرووپ دەكەم بۆ ئەو كارە جوانەی ئەنجامیان داوە، هیودارم بتوانین لە داهاتوودا بەشەكانی تری ئەم شەقامە تەواو بكەین، بۆ ئەوەی هەموو بازنەكان بەیەكەوە ببەستێتەوە."
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی تری وتارەكەیدا گوتی: "درووستكردنی ئەم پڕۆژەیە ئاسانكارییەكی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەكات، ئەوانەی لە پارێزگەكانی وەكوو دهۆك و سلێمانییەوە دێن بۆ هەولێر، بەبێ ئەوەی بچنە ناو شار دەتوانن بەو شەقامەدا سەفەر بكەن و ڕێگەیان ئاسانتر و خێراتر دەبێت، هەروەها ئاسانكارییەكی زۆریش بۆ جووڵەی بارزگانی دەكات و جەنجاڵی و قەرەباڵغی بۆ هاووڵاتییان كەم دەكاتەوە."
سەرۆكی حكوومەت سەبارەت بە بەردەوامیی پرۆژەكانی حكوومەت گوتی: "لە زۆر ڕووەوە هەوڵی ئەوە دراوە ڕێگریمان لێ بكرێت لەوەی كە بەرنامەی حكوومەت جێبەجێ بكەین و كارە خزمەتگوزارییەكان وەكوو خۆیان جێبەجێ بكەین، هەندێك بە ئەنقەست بووە و هەندێكیش ڕووداوی نەخوازراو بووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێكردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان و ڕووبەڕووی هەموو قەیرانەكانیش دەبینەوە."
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە وتارێکیدا وردەكاری لەبارەی پرۆژەكە خستەڕوو و گوتی: "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت و بە چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوامی سەرۆكی حكوومەت تا گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، كردنەوەی بەشێكی نوێی شەقامی ١٥٠ مەتریی بازنەیی خێرا لە هەولێری پایتەخت ڕادەگەیەنین كە بریتییە لە دوو پارچە، پارچەی یەكەمیان لە یەكتربڕی بەحركە بۆ گۆپاڵ و پارچەی دووەمیش لە ڕێگەی پیرمام تا ڕێگەی كۆیەیە، هەردوو پارچەكە بە درێژایی ١٤ كیلۆمەترە و پێكهاتەكانیشی حەوت بەرزەپرد و دوو نزمەپرد و سێ پردی پەڕینەوە و ٧٥ كیلۆمەتر پەرژینی پارێزگاری و بە درێژایی ٨٠ كیلۆمەتر بە ئاراستەی جیاجیا ئاوەڕۆ بە قەبارەی جیاواز لەم بەشەی پرۆژەكەدا درووستكراوە؛ لەگەڵ ١١٠٠ ستوونی ڕووناكی و چەندین تایبەتمەندی دیكە."
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكار و تیمەكانی شارەوانی كرد كە پرۆژەكەیان بە باشی تەواو كردووە، لەمبارەیەوە گوتی: "بە پێویستی دەزانم سوپاسی كۆمپانیای هێمن گرووپ بكەم كە لە گرێبەستەكەیاندا لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشی سێیەمیان ماوەی ٥٥٠ ڕۆژ دانرابوو بۆ ئەوەی ئەم بەشەی شەقامەكە تەواو بكەن، بەڵام هەروەك لە دەستبەكاربوونی پرۆژەكەدا بەڵێنیان بە جەنابی سەرۆكی حكوومەت دا، زووتر لەو ماوەیە تەواوی دەكەن، ئەوەتا دەبیین لە ماوەی ٢٠٠ ڕۆژدا كارەكانیان بە كوالێتییەكی بەرزەوە تەواو كرد، هەروەها بە پێویستی دەزانم سوپاسی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و ئەندازیار و سەرجەم تیمەكانی شارەوانی بكەم كە لە سەرپەرشتیكردنی پرۆژەكەدا هەر لە قۆناغی دیزاینەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات بەشداربوون و هەماهەنگیی ئەوان لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار و دڵسۆزیی هەردوولا بۆ كارەكە وایكرد پرۆژەكە باشتر و خێراتر تەواو ببێت."
ساسان عەونی سەبارەت بە كێشەی شەقامی نێوان گەزنە و شەقامی ١٢٠ مەتری جەختی لەسەر چارەسەركردنی ئەو گرفتە كردەوە و گوتی: "بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی شەقامی نێوان گەزنە تا شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر كە خۆی زیاتر لە ٣ كیلۆمەتر دەبینێتەوە، ماوەی چەند مانگێكە تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر خەریكی دیزاینكردن و مەزەندەی ئاسایی كارە پێویستەكانن بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو فراوانكردنەی كە ئەو پارچەیەی شەقامەكە لەخۆی دەگرێت، بە تەواوكردنی ئەو ٣ كیلۆمەترە، تەواوی ڕێگەی ١٢٠ مەتری تا دهۆك و زاخۆ بە دووساید دەبێت و گرفتی قەرەباڵغی لەو شوێنە لە داهاتوویەكی نزیكدا نامێنێت.