ساسان عەونی: كێشەی زەویی تەرخانكراو بۆ ماڵباتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان چارەسەر دەكەین
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، زەوی بۆ ماڵباتی شەهیدان و ئەنفاكراوان و زیندانیانی سیاسیی دەڤەری گەرمیان تەرخان كراوە، بەڵام تا ئێستا شوێنی ئەو زەوییانە دیاری نەكراو و بۆ ئەم مەبەستەش ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان كرد و ئاماژەی دا بەوەی ئەركێكی سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە خزمەتی ماڵباتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی بكات.
رۆژی دووشەممە ١٤ی تشرینی دووەم ٢٠٢٢، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار لەگەڵ شاندی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان كۆبووەوە كە پێكهاتبوون لە جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، شوان كەلاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەبار محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان، ئەكرەم ساڵح، سەرۆكی شارەوانیی كەلار، هاوڕێ پێشڕەو، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال، ئەحمەد مەجید بەرپرسی ڕێكخراوی چاودێریی كوردۆسایت، ڕەحمان خورشید بەرپرسی ڕێكخراوی چواردەی چوار، سۆران عوسمان بەرپرسی ڕێكخراوی ئاسۆی زیندانیانی ئەنفال و لەسەر چەند تەوەرێكی گرنگ گفتوگۆیان كرد.