ساسان عەونی: لە داهاتوویەكی نزیكدا گرفتی شەقامی نێوان گەزنە تا شەقامی ١٢٠ مەتری چارەسەر دەكەین
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت لە داهاتوویەكی نزیكدا گرفتی شەقامی نێوان گەزنە تا شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر چارەسەر دەكەین و شەقامەكە دەكرێتە دووساید و قەرەباڵغی لەو شوێنە نامێنێت.
سەبارەت بە هەوڵەكانی چارەسەركردنی ئەو گرفتە، ساسان عەونی، ڕایگەیاند:''بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی شەقامی نێوان گەزنە تا شەقامی ١٢٠ مەتری كە زیاتر لە ٣ كیلۆمەتر دەبێت و تا ئێستا تەواو نەكراوە، ماوەی چەند مانگێكە تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كاری دیزاینكردن و خەمڵاندنی كارە پێویستەكان دەكەن، بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی ئەو فراوانكردنەی كە ئەو پارچەیەی شەقامەكە بەخۆیەوەی دەبینێت.''
لەبارەی گرنگی پرۆژەكە، ساسان عەونی گوتیشی:''بە تەواوبوونی ئەو ٣ كیلۆمەترەی شەقامەكە، تەواوی ڕێگەی ١٢٠ مەتری تا دهۆك و زاخۆ بە دووساید دەبێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا قەرەباڵغی لەسەر ئەو شەقامە نامێنێت.''