بە درێژایی ١٣ كیلۆمەتر ٧٦ شەقام لە گەڕەكی هەولێری نوێ قیڕتاو كران
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری لە گەڕەكەكە، ئەمساڵ لەلایەن تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە پرۆژەی قیڕتاوكردنی ٧٦ كۆڵان و شەقامی گەڕەكی هەولێری نوێ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ كراوە.
گوژمەی پرۆژەكە (٢،٥٨٩،٢٢٥،٠٠٠) دینارە و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگە و ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دابین كراوە، كۆی شەقامە قیڕتاوكراوەكان ٧٦ كۆڵان و شەقامن و درێژیی قیڕتاوكردنی شەقامەكانیش زیاتر لە ١٣ كیلۆمەتر دەبێت.
پرۆژەكان پێكهاتوون لە قیڕتاوکردنی ٢٢ شەقام لە کەرتی٢٥٠م لە قۆناغی یەکەم و دروستکردن و قیڕتاوکردنی شەقامی ٣٠م و ٢٠مەتری، هەروەها قیڕتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی ئەو گەڕەكە بە چینی ستابلایزەر، لەگەڵ قیڕتاوکردنی شەقامێکی ٣٠م لە کەرتی ٢٥٠م لە نزیک مزگەوتی حاجی حوسین قادر بەگ.
كۆی گشتیی شەقامە قیڕتاوكراوەكان ٧٦ شەقام و كۆڵانن و بە درێژایی ١٣كم قیڕتاو كراون، هاوكات کار لەسەر ئەو گەڕەک و شەقامانەی تری سنووری شارەوانیی هەولێر دەکرێن کە پێویستییان بە گەیاندنی خزمەتگوزارییە.