بە گوژمەی ملیارێك و ٧٣٨ ملیۆن دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئاكرێ جێبەجێ دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بە مەبەستی پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئاكرێ، پرۆژەی كۆنكرێتكردن و قیڕتاوكردنی شەقام لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئاكرێ جێبەجێ دەكرێت.
گوژمەی پرۆژەكە بریتییە لە ملیارێك و ٧٣٨ ملیۆن دینار كە پێكهاتووە لە دروستكردن و قیڕتاوكردن و كۆنكرێتكردنی شەقام لە گەڕەكی شەهیدان و جوستەیا و كانی مامكروكێ و بیوكێ لە ئاكرێ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك.
ئەم پرۆژەیە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە فەرمانی جێبەجێكردنی بۆ دەرچووە، بەڵام تەواو نەكرابوو، ئێستا لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بودجەی بۆ تەرخانكراوە و ئاستی كارەكانیشی گەیشتووەتە ٨٥٪ و كاركردنیش تێیدا بەردەوامە.