زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ قیڕتاوكردنی شەقامێكی ٢٠مەتریی هەولێر خەرج دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-پرۆژەكانی قیڕتاوكردن لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری بەردەوامە و بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری پرۆژەكانی قیڕتاوكردن، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ١٠٠ وملیۆن و ٧٩٣ هەزار دينار، بۆ قیڕتاوكردنی شەقامێكی ٢٠مەتری لە گەڕەكی نازنازی شاری هەولێر.
ئەو گوژمەیە لەسەر ڕێژەی ١٥٪ی داهای بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دووی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە و بەپێی پلانی ساڵی ٢٠٢٢ و بە گوێرەی ڕێنماییە داراییەكان بە مەبەستی قیڕتاوكردنی ئەو شەقامە ٢٠مەترییەی گەڕەكی نازنازی شاری هەولێر خەرج دەكرێت.
ئەو شەقامە ڕۆژانە بە بەردەوامی هاتوچۆیەكی زۆری دانیشتووانی گەڕەكەكە و شوفێرانی شاری هەولێری بەسەرەوەیە و پرۆژەكەش كاریگەری لەسەر ئاسانكاری هاتوچۆ و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لەو شوێنە هەیە.