ساسان عەونی: گرفتی زەویی سندووقی چارەسەر كرا
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی لەسەر چارەسەركردنی كێشەی زەوییە سندقووكییەكان دا.
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: ''لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و خەڵكی كەمدەرامەت، گرفتی ئەو زەوییانەی بە "زەویی سندووقی" ناسراون، چارەسەر كران.''
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕوونیكردەوە کە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی داوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەی زەوییە سندقووكییەكان و بۆ ئەم مەبەستەش ڕێكارە یاساییەكانی پەسەندكرد كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كەمدەرامەتە و پاش ئەو بڕیارە دەتوانن بەپێی یاسا و دوای گرتنەبەری ڕێكارەكان لەم بڕیارە سوودمەند ببن.
ماوەی چەندین ساڵە، هاووڵاتییانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سۆران و شارەوانییەكانی دەوروبەری شاری هەولێر، داوا دەكەن گرفتی زەویی سندووقییان بۆ چارە بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون و سەرۆكایەتیی دیوانەوە، ئەم پێشنیازەیان خستە بەردەم سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەویش ڕەزامەندی لەسەر دا.