لە شاری هەولێر پڕۆسەی گۆڕینی كارتی زەوی بە سەنەد دەستیپێکردووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت "كاركردن بۆ چارەسەركردنی زەوییە كارتەكانی سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری بەردەوامە و بەم زووانە زیاتر لە ١٣ هەزار كارتی زەوی دەكرێن بە سەنەد."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پڕۆسەی گۆڕینی زەوییە كارتەكان بۆ سەنەد لە شاری هەولێر و دەوروبەری، ڕایگەیاند: "بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی زەوییە كارتەكان و گۆڕینیان بە سەنەد، بەڕێوەبەرایەتییی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەدمان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دامەزراند و ئێستا ئەندازیاران و فەرمانبەرانی ئەم یەكەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، كار لەسەر گۆڕینی كارتەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەكەن؛ تاوەكوو ئێستاش ژمارەیەكی زۆر كارتی زەوی كراون بە سەنەد."
ساسان عەونی، گوتیشی: "ئێستا لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد، كاری زیاتر لە ١٣ هەزار كارت لە سنووری باغمرە شەهاب و گەڕەكی ژین و بێریات و عەزە و گردجووتیار و كەسنەزان بەرەو كۆتایی دەچێت و پێویستە خاوەن زەوییەكان لە ئێستاوە دەست بە ئامادەكردن و كۆكردنەوەی كارتەكانیان بكەن، لە نزیكترین كاتیشدا لەلایەن شارەوانییەوە ئاگادار دەكرێنەوە بۆ ئەوەی دەست بە مامەڵەكردن بكەن."
شیاوی باسە، لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەكانی دیکە دەكرێت و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت.