هەڵمەتی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی شاری هەولێر دەستیپێکردووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمساڵ تیمەكانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر پڕۆژەی قیڕتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقام و كۆڵانەكانی گەیاندووەتە چەندین گەڕەک و شوێنی گشتیی لە شاری هەولێر لە سنووری هەر شەش شارەوانییەكەی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانی، ئێستاش هەڵمەتێكی گەورەی نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان دەستیپێكردووە كە بەشێکی کارەکان لەسەر داهاتی ١٥٪ ی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەشێکیشی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا جێبەجێکراون.
هەڵمەتەكە لەلایەن تیمەكانی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی كارگەی قیڕ و ئەسفەڵت لە سنووری شارەوانییەكان بەڕێوەدەچێت و ئێستا بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستەش كارگەی قيڕی سەرۆكايەتیی شارەوانیی هەولێر بە سەدان تۆن قیڕی بەرهەمهێناوە بە مەبەستی جێبەجێكردنی هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی شەقام و كۆڵانەكان لە گەڕەکەكانی تەیراوە، هەڤاڵان، زانیاری، عەنكاوە، ڕاپەڕین، كوردستان، ئازادی، ئیسكان، شەقامی ٦٠مەتری و شەقامی١٠٠ مەتری.
ئەو هەڵمەتە فراوانە بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری گەڕەك و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی لەو شوێنانەی كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.