پرۆژەیەكی ئاوەڕۆ بە درێژایی ١٢٠٠مەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دروست دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی باران و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر، پڕۆژەى ئاوەڕۆى سندووقى شەقامی ٣٠مەترى بۆ ٦٠مەتری بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
ئەو پرۆژەیە، پڕۆژەیەکى گەورەیە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكات و ئێستاش بەشێكی پرۆژەكە لەسەر شەقامی ٦٠مەتری تەواو كراوە و كاری بەشەكەى دیكەش لە شەقامى٣٠مەترى تەواو دەكرێت.
ئەم پرۆژەیە پێكهاتووە لە دروستكردنی ئاوەڕۆیەكی سندووقی بە درێژایی ١٢٠٠مەتر لەسەر شەقامی ٣٠ مەتری لە نزیك باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە تا شەقامی ٦٠مەتری نزیك سایلۆ درێژ دەبێتەوە.
بە تەواوبووی كۆی بەشەكانی پرۆژەكە، گرفتی کۆبوونەوەی ئاوی باران لە شەقامی ٣٠مەتری نامێنێت و گوشاریش لەسەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆی سنوورەكە چارەسەر دەکات، هاوكات سیستەمی ئاوەڕۆی سەنتەری شاری هەولێر لەم زۆنەدا پێشوەچوونێكی زۆر باش بەخۆیەوە دەبینێت، جگە لەم پرۆژەیە ئێستا چەند پرۆژەیەكی دیكەی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر لە قۆناغی جێبەجێكردندان.