شارەوانیی هەولێر پرۆژەی قیڕتاوكردنی ١٠ كۆڵان و شەقامی گوندی عەزە جێبەجێ دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-دوای ئەوەی لە ڕۆژی شەممە ۱٨ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوونی خزمەتگوزاری و داواكاریی دانیشتووانی گوندی عەزە لە سنووری شارەوانیی هەولێر، سەردانی گوندەكەی كرد و لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ كێشەكان كرد و بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزاریی قیڕتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكانی بە دانیشتووانی گوندەكە دا دوێنێ شەممە بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانیی هەولێر پرۆژەی قیڕتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكانی گوندی عەزە دەستیپێكرد.
پرۆژەكە بە گوژمەی زیاتر لە ٣٠٣ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر و بە سەرپەرشتیی تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێت كە پێكهاتووە لە دروستكردن و قیڕتاوكردنی ١٠كۆڵان و شەقامی ناوخۆیی لە گوندی عەزە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر. هاوكات لە ئێستا بە دەیان پرۆژەی دروستكردن و قیڕتاوكردنی شەقام و كۆڵان لە گەڕەك و شوێنە جیاوازەكانی شاری هەولێر لە قۆناغی جێبەجێكردندان و پرۆژەی خزمەتگوزاری نوێش دەگەیەندرێنە سەرجەم ئەو شوێنانەی كە پێویستیان بە خزمەتگوزارییە.