بە گوژمەی زیاتر لە ٢٧٢ ملیۆن دینار چەند پرۆژەیەك لە شاری كەلار جێبەجێ دەكرێن
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئاوەڕۆ و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری كەلار، بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ٢٧٢ ملیۆن و ٢٤٠ هەزار دینار بۆ حێبەجێكردنی سێ پرۆژە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلار.
گوژمەی ئەو پرۆژانە لەسەر ڕێژەی ١٠٠٪ی فرۆشتنی زەوی ڕوكنی شارەوانی و ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلار، پرۆژەكانیش بریتین لە پرۆژەی چاكسازی ئاوەڕۆی بازاڕ لەناو شاری كەلار و چاكسازی و سەوزكردنی پاركەكانی شەهید حەمەڕەش، ئەنفال، كەلاری نوێ، هەروەها پرۆژەی چاكسازی (صیانە)ی باخچەكانی شارەوانیی كەلار و سەوزكردنیان.
ئەمەش لەكاتێكدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی قەرەبووكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، بڕیاری دا بە تەرخانكردنی ١٦٣ پارچە زەوی بۆ ماڵەكانی هەردوو بینای لیوا ڕەشەكە و جەمەلۆنەكە لە شاری كەلار و گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی گونجاو.