Skip to the content

بە گوژمەی ٣٠٠ ملیۆن دینار چەند گەڕەکێک لە ناحیەی دارەتوو قیرتاو دەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-رۆژی سێشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە گوژمەی ٣٠٠ ملیۆن دینار پرۆژەی قیڕتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی (كەرتی ٩٠٠٠) لە گەڕەكی ژین، لە ناحیەی دارەتووی سەر بە پارێزگەی هەولێر دەستیپێكرد و چاوەڕێ دەكرێت لە ماوەی هەفتەیەكدا کارەکان تەواو بکرێن.
گوژمەی پرۆژەكە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێرە و بە سەرپەرشتیی تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دارەتوو سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر جێبەجێ دەكرێت. ماوەی پرۆژەكە ٣٠ ڕۆژی بۆ دانراوە، بەڵام تەنیا ئەمڕۆ نزیكەی ٥٠٪ی پرۆژەكە كەوتە بواری جێبەجێكردن، بۆیە پێشبینی دەكرێت زووتر لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو تەواوی شەقامەكان قیڕتاو بكرێن كە ١٨ كۆڵان و شەقام لەخۆ دەگرێت، نزیكەی ٢١ هەزار مەتر چوارگۆشە قیڕتاو دەكرێت و نزیكەی ٥٠٠ ماڵ لەم بەشەی گەڕەكەكە لێی سوودمەند دەبن، ئاسانكاریى زۆر باش بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەستبەر دەکات و گرفتى زۆرى هاتوچۆ چارەسەر دەکات.