Skip to the content

لە قوشتەپە بە گوژمەی نزیكەی ١٥٠ ملیۆن دینار پرۆژەیەكی قیڕتاوكردن جێبەجێ كرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بە مەبەستی خزمەتكردنی دانیشتووانی ناوچەكە و پەنابەرانی نێو كەمپەكە، بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانیی قوشتەپەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، پڕۆژەی قیڕتاوكردنی شەقامێكی جووتساید لە سنووری شارەوانییەكە جێبەجێ كرا.

پرۆژەكە بریتییە لە قیڕتاوکردنی جووتسایدی بەردەم کەمپی سووریان و کۆمەڵگەی کاوە لە سنووری شارەوانیی قوشتەپە كە ئەم شەقامە هاتوچۆیەكی زۆری هاووڵاتییانی ناوچەكە و پەنابەرانی بەسەرەوە و بە جێبەجێكردنی ئاسانكارییەكی زۆر بۆ دانیشتووانی سنوورەكە دەكات.

تایبەتمەندیی پرۆژەكەش پێكهاتووە لە قیڕتاوکردن بە درێژیی ١٧٠٠ مەتر و پانی شەش مەتر کە دەکاتە ١٠٠٠٠ مەتر دووجا و بە گوژمەی ١٤٩ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دینار لەسە بودجەی سەربار جێبەجێ كرا.
وێڕای ئەم پڕۆژەیە، ئێستا چەندین پڕۆژەی دیكە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر لە قۆناغی جێبەجێكردندان.