مەسروور بارزانی بە ١٦٣ پارچە زەوی ماڵەكانی لیوا ڕەشەكە و جەمەلۆنەكەی لە كەلار قەرەبووکردنەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی قەرەبووكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، بڕیاری دا بە تەرخانكردنی ١٦٣ پارچە زەوی بۆ ماڵەكانی هەردوو بینای لیوا ڕەشەكە و جەمەلۆنەكە لە شاری كەلار كە شوێنەكەیان بۆ نیشتەجێبوون گونجاو نییە و مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە.
ئەو فەرمانەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەری کێشەی دانیشتووانی ئەو دوو شوێنەیە، چونكە لە دوای ڕاپەڕینەوە لەبەر هەژاری و كەمدەرامەتی، لەم شوێنە نەشیاوە ماونەتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت بە دابینكردنی پارچەیەک زەوی لەسەر ڕووبەری ٢.٢٠٠ م لە سنووری شارەوانیی كەلار، شوێنێكی شایستە و گونجاوی بۆ قەرەبووكردنەوەیان ڕەخساندووە.
پێشتر سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلار، لە ڕێگەی قائیمقامیەتی كەلار و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە، بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی ئەو ماڵانە، نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كردبوو.
لە ڕێكەوتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەپێناو چارەسەركردنی ئەو گرفتە، بڕیاری دا هەر ماڵەی بە پارچە زەوییەك لە سنووری شاری كەلار قەربوو بکرێنەوە.