Skip to the content

ناوی گەڕەك و شوێنە نوێیەکانی هەولێر ناوی کوردی و واتادار دەبن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر دەربڕی، بۆ ئەوەی لەمەوپاش هەوڵ بدرێت لە كاتی ناونانی گەڕەك و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێردا، لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی كە ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیان و سرووشتی شارەكەن فەرامۆش نەكرێت.

بەپێی بڕیارەكە، دانانی ناوی كەسایەتییەكان بۆ گەڕەك و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر، پێویستە فەرمانی تایبەتی لەسەر هەبێت، هەروەها هەوڵ دەدرێت سوود لە ناوی شاخ و ڕووبار و دۆڵ و دەستەواژەی ماناداری ناو فەرهەنگە كوردییەكان وەربگیرێت.

ناونانی شوێنە گشتییەکان و گەڕەک و کۆڵانەکانی شار، کە گوزارشت لە ژیان و زمان و ژینگەی کوردەواری بکات، یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی گەشەپێدانی شار و گرنگیدان بە فەرهەنگ و مێژووی وڵات.