Skip to the content

نزیكەی ٤٠٠ تۆن قوڕولیتە لەژێر پردەكانی سەنتەری شاری هەولێر دەرهێنرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەك ئامادەسازی بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە وەرزی زستان لەژێر پردەكانی سەنتەری شاری هەولێر، بە سەرپەرشتیی تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەنیا لە هەڵمەتێكدا نزیكەی ٤٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاك و قوڕولیتە لە ١٠ وێستگەی ناو خەزانی ژێر پردەكانی شاری هەولێر دەرهێنرا.
ئەو هەڵمەتە ماوەیەكە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و ژێر پردەكانی شاری هەولێر و هەموو ئەو شوێنانەی مەترسیی كۆبوونەوەی ئاوی زیادە و لافاویان لێ دەكرێت دەستیپێكردووە و تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی، شارەوانی و كرێكارانی خاوێنكردنەوە بە بەشداری سەدان ئامێر و كرێكار بەڕێوە دەچێت و بەردەوامیشە.
زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەو كارە قورسەی خاوێنكردنەوەی حەوزی ژێر پردەكان، ڕایگەیاند: ئەو كارە زۆر قورسە، سەرەتا خۆڵ و خاشاك و قوڕولیتەیەكی زۆر لەژێر پردەكان لەلایەن كرێكارەكانەوە كۆ دەكرێنەوە، دوای گواستنەوەی بۆ شوێنی تایبەت ئینجا شەقام و حەوزەكانیش دەشۆردرێن، ئەمەش وەك ئامادەسازییەك بۆ وەزری زستان و ڕێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاوی زیادە و مەترسیی دروستبوونی لافاو.