١٠٠ ملیۆن دار لە شاری هەولێر دەچێنرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی هەسار و بەپێی پلانێكی ستراتیژی، تاوەكوو ساڵی٢٠٣٠، زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دار لە شاری هەولێر دەچێندرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە گەشبین ئیدریس، جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی و نەوزاد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای شاماران كرد.
لە دیدارەكەدا كە دکتۆر شەرمین عەلی، ڕاوێژكار و دکتۆر چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانان ئامادەی بوون، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە ڕێگەی چاندنی دار و نەمام و دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێردا و جەختی كردەوە حكوومەت بەپێی پلان كار بۆ پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكات.
لە بەشێكی تری گفتوگۆكەدا شاندی میوان پێشنیازی جێبەجێكردنی پلانێكی ستراتیژیان خستەڕوو كە دەیانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندارەكان تاوەكوو ساڵی ٢٠٣٠ زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دار كە زۆربەیان داربەڕوون، لە سنووری شاری هەولێر بچێنن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، پاڵپشتی لە دەستپێشخەریی شاندەكە كرد و جەختی كردەوە "ئەو پلانە بۆ خزمەتكردنی كوردستان، لەڕووی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زۆر پێویستە، بەتایبەتی چاندنی داربەڕوو كە یەكێكە لە سیمبولەكانی سرووشتیی كوردستان و ئەوەی لەلایەن حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشەوە پێویست بێت بۆ سەرخستنی پلانە ستراتیژییەكە، هاوكار دەبین لە دابینكردنی زەوی لە پشتێنەی سەوزایی و پارك و باخچە دروستنەكراوەكان و هاوكات لە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە ستراتیژییە چاودێر دەبین."