پرۆگرامێكی نوێ بۆ پەرەپێدانی ئیدارە خۆجێییەكان دادەنرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە شاری هەولێر، دەسپێكی پرۆگرامی پەرەپێدانی ئیدارە خۆجێییەكان لەلایەن ڕیكخراوی (VNG)ـی هۆڵەندی ڕاگەیەندرا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی ناوخۆ، كۆمیسیۆنی كۆچی نێودەوڵەتی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، پارێزگای دهۆك، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و بەڕێوبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران.
نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی دەستی هەماهەنگی و هاوكاریی وڵاتی هۆڵەندا و ڕێكخراوی (VNG) كرد كە ماوەی چەندین ساڵە لە بوارە جیاوازەكاندا لە سەرجەم شارەكانی كوردستان خزمەتی بەرچاویان كردووە، و بەردەوام دۆست و هەماهەنگێكی سەرەكیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوون و هیوای خواست لە هەنگاونان بۆ كاری تری هاوبەش بەردەوام بن.
پرۆگرامی پەرەپێدانی بەردەوام لە میانەی باشكردنی ئیدارە خۆجێییەكان- SLDG بریتییە لە چاكسازی لە بەڕێوەبردنی ئیدارە خۆجێییەكان، چاكسازی لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لەو ئیدارانە و دیاریكردنی پێداویستیی هاووڵاتیان، باشتر تێگەیشتنی بەرپرسانی حكومەت لە ڕۆڵەكانیان و باشتركردنی توانا و لێهاتوویییان، هەروەها بەهێزكردنی كۆمەڵگە خۆجێییەكان كە كۆمەڵێك ئامانجی بنچینەیی سەركەوتنی هەر ئیدارەیەكی خۆجێین. ئەم پڕۆگرامە ماوەی پێنج ساڵ دەخایەنێت.
ئەم پرۆگرامە چەند ئامانجێكی سەرەكی دەپێكێت كە بریتین لە: چاکسازی لە بەڕێوەبردنی ئیدارە خۆجێیەکان (ناحیە، قەزا، پارێزگا)، چاکسازی لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاڕ لە ئیدارە خۆجێیەکان و دیاریکردنی پێداویستی هاوڵاتیان و نوێنەرەکانیان، باشتر تێگەیشتنی بەرپرسانی (حکومەت، وەزارەتەکان، پارێزگاکان) لە ڕۆڵەکانیان و ڕۆڵی ئیدارە خۆجێێەکان و باشترکردنی توانا و لێهاتووییان و بەهێزکردنی کۆمەلگە خۆجێیەکان.
ئەمە سێیەم پڕۆژەی ڕێکخراوی VNGـی هۆڵەندییە بە هەماهەنگی و هاوکاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ئاستی کوردستان کاری لەسەردەکرێت.