Skip to the content

پلانی نوێی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەری ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەران و سەرۆكبەشەكانی دەستەی گەشتوگوزار، گفتوگۆیان لەبارەی جێبەجێكردنی پلانی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار كرد، كە پێشتر لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پلانەكە وەرگیرا و دواتر پەسەند كرا و ئیستا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی دەستە باسی لە کار و چالاکییەکانی دەستە و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پلانی ٨ ساڵەی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و ئاستەنگ و بەربەستەکان کرد.
هەروەها ڕۆڵی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەرز نرخاند بۆ ئەو هەوڵانەی سەبارەت بە بووژانەوەی سێکتەری گەشتوگوزار دەیدات.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، تیشكی خستە سەر گرنگیی پەسەندكردنی یاسای گەشتوگوزار و ئاماژەی بەوە كرد: "یاسای گەشتوگوزار نیشانەی بایەخدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەو سێكتەرە كە دەیەوێت بەپێی پلانی نوێ پەرە بە گەشتوگوزار بدات، هاوكات ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەكی دەربڕی لەپێناو جێبەجێكردنی پلانەكە و باشتركردنی سێكتەرەكە بە گشتی. "

لە تەوەرەیەکی تردا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای بەدواداچوونی بۆ ئیشوكارەكانی دەستەی گەشتوگوزار، هاوكات ڕایسپاردن بۆ جێبەجێكردنی پلانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار و جەختیشی لە چارەسەركردنی كەموكوڕی و كەمكردنەوەی ڕۆتین و باشتر ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و بایەخدانی زیاتر بە كەرتی گەشتوگوزار وەك سەرچاوەیەكی گرنگی داهات كردەوە، بۆ ئەوەی ئەو كەرتە ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات لە هەرێمی كوردستان.