Skip to the content

چەندین شەقام و كۆڵانی سلێمانی لەلایەن شارەوانییەوە قیڕتاو كرانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-بە مەبەستی پەرەپێدانی پرۆژەكانی نۆژەنكردنەوەی شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی، تیمەكانی شارەوانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند هەڵمەتێكی نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقام و كۆڵانیان لە شاری سلێمانی بەڕێوەبرد كە ژمارەیەكی زۆر كۆڵان و شەقام نۆژەن و قیڕتاو كرانەوە.

لە هەڵمەتەكەی تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ كارگەی قیڕی شارەوانی، چەند شەقامێک لە گەڕەکی سەروەری نزیک قوتابخانەی ڕازاوە نۆژەن كرانەوە. هەروەها بەشێکی چوارڕیانی فولکەی شوانەکە و شەقام و کۆڵانەکانی دارەسووتاوەکە نۆژەن و قیڕتاوكرانەوە، لەگەڵ چاکكردن و نۆژەنكردنەوەی پردی دەباشان، شەقامی سەرەکیی سەرچنار نزیک فولکەی قۆری و پیاڵەکە و شەقامی بەردەم مەرکەزی پۆلیسی سەرچنار و کۆڵانەکانی گردی سەرچنار نۆژەن كرانەوە.

لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییان و ئاسانكاریی هاتوچۆ، هەڵمەتەکانی شارەوانی بە مەبەستی نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت.