ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە دهۆك بە گوژمەی ٤٢٠ ملیۆن دينار جێبەجێ دەکرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-بە مەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری دهۆك، لە چەند فەرمانێكی جیاوازدا بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە ٤٢٠ ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژە لە سێكتەرەكانی شارەوانی و ئاو لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك درا.
ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی ئاو و شارەوانییە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك و بەپێی پلانی ساڵی ٢٠٢٢ و بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات خەرج دەكرێت.
ژمارەی پرۆژەكان ١٧ پڕۆژەن كە بریتین لە ڕێكخستن و نۆژەنكردنەوەی شەقام، كۆنكرێتكردنی شەقام، قیڕتاوكردنی شەقام، درووستكردنی شەقام، دابینكردنی كەلوپەل بۆ بیر و تۆڕەكانی ئاو، درووستكردنی باخچە لە قۆناغی سێیەمدا، دابینكردنی شەتڵی دار و گەیاندنی كارەبا بە بیری ئاو و چەند پڕۆژەیەكی دیكەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری.