Skip to the content

ژمارەیەك پرۆژەی ڕێگەوبان و قیڕتاوكردن لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانیی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاریی درووستكردن و قیڕتاوكردنی شەقام جێبەجێكران و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش کەوتنە بواری جێبەجێکردن و دەرخستەش بۆ چەندین پرۆژەی دیكە ئامادە كراوە.

پڕۆژەکان بریتین لە پرۆژەی درووستکردنی شەقامێکی ٣٠م لەگەڵ ئاوەڕۆی لوولەیی لە تەنیشت شووقەکانی نەورۆز ستی بە گوژمەی ٤٤٠ ملیۆن و ٤٨١ هەزار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا، كە بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانی جێبەجێ دەكرێت.
پرۆژەی قەشتکردن و قیڕتاوکردنی شەقام لە گەڕەکی گڵکەند بە گوژمەی ٢١٩ ملیۆن و ٢١٩ هەزار دینار لەسەر ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانی و لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.
پرۆژەی ڕاخستنی چینی ستایبلایزەر بۆ سێ شەقام لە گەڕەکی قەتەوی بە گوژمەی ٥٩ ملیۆن دینار لەسەر ڕێژەی ١٥٪ داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانی کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها پرۆژەی درووستکردنی شەقامێکی ٢٠ مەتریی تەریب بە کەندی کۆڕنیش لە گەڕەکی زیلان لە كەرتی پێنجی حەسارۆک و قیرتاوکردنی چوار شەقام لە گەڕەکی هاوکاریی پێنجی حەسارۆک و قیڕتاوکردنی گۆڕەپانی گەراجی ئۆتۆمبێل پێش پارکی پێشمەرگە بە گوژمەی ٣٢٩ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و لە ماوەی ١٥٠ ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و دەرخستەش بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی دیکە ئامادە كراوە و لە داهاتوودا کاریان لەسەر دەکرێت.