بەردی بناغەی پڕۆژەی قیڕتاوكردن و ئاوەڕۆی گەڕەكی ژیان لە هەولێر دانرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی قیڕتاوكردنی كۆڵان و ئاوەڕۆی گەڕەكی ژیان لە شاری هەولێر دانرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگواریش جەخت دەكاتەوە هەر شوێنێك لە كوردستان پێویستی بە ئاوەدانی هەبێت، حكوومەت پرۆژەی تێیدا جێبەجێ دەكات.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە هەر یەكە لە مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی دامودەزگەكانی شارەوانی ئامادەبوون، بە گوژمەی ٩٢٩ ملیۆن و ٧٤٥ هەزار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەیەكی قیڕتاوكردن و ئاوەڕۆی گەڕەكی ژیان دانرا كە پرۆژەكە زیاتر لە 31 كۆڵان و ئاوەڕۆیەكی گەورەی گەڕەكەكە لەخۆدەگرێت.
پڕۆژەكە بەشێوەی بەڵێندەرایەتی و بە سەرپەرشتیی تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێت و ماوەی پڕۆژەکەش ١٥٠ ڕۆژی بۆ دیاریكراوە، ژمارەی شەقامەکان ٣١ شەقام و درێژییان ٤٤٨٠ مەترە.
پڕۆژەکە بڕگەی ئامادەکردنی شەقام و قیڕتاوکردن بە چینی ستابلایزەر بە ڕووبەری ٣٣٧٧٠ م٢ لەخۆدەگرێت.
هەروەها درووستکردنی ئاوەڕۆی لەگەڵدایە بە درێژیی ٢٦٠٠ م كە بە هەزاران ماڵ لێی سوودمەند دەبن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژەكە گوتی "پرۆژەی ئاوەڕۆ و قیڕتاوكردنی كۆڵانەكانی گەڕەكی ژیان لە شاری هەولێر، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر جێبەجێ دەكرێت. بەڵێنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە خزمەتكردنی هەموو شار و شارۆچكە و گەڕەكەكان بووە و هەموو ئەو شوێنانەی كە پێویست بێت دەستی ئاوەدانیان بگاتێ، حكوومەت كاریان بۆ دەكات و لەڕووی خزمەتگوزارییەوە پرۆژەیان بۆ جێبەجێ دەكات، ئەم پرۆژەیەی ئەمڕۆ كە بە گوژمەیەكی گەورە جێبەجێ دەكرێت، نیشانەی ئەوەیە حكوومەت هەر شوێنێك پێویستی بە خزمەتگوزاری هەبێت، بۆیان جێبەجێ دەكات".