Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپوور گرێبەستێکی ٤ ساڵی لەگەڵ دوو زانكۆی ئەمریكی واژوو كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پەرەپێدانی سێكتەری شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بەو سێكتەرە دەدات، و بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگەی شارەزایان و تیمی شوێنەوارناسانی بیانیی و ناوخۆیی بەردەوام كاری هەڵكۆڵین و ڕووپێوی لە سەرتاسەری كوردستان ئەنجام دەدات.

لە درێژەی بایەخدانەكانی حكومەت بەو سێكتەرە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مۆڵەتی هەڵکۆڵین و ڕووپێوی شوێنەواری لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و هەردوو زانكۆی هارڤارد و ئێمۆری ئەمریکی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر واژوو كرا.
بەپێی گرێبەستەكە، زانکۆی هارڤارد، کاری ڕووپێوی شوێنەواری لە دەشتی هەولێر لەنێوان شارۆچکەی پردێ – گوێڕ و بەستۆڕە – خەبات ئەنجام دەدات، زانکۆی ئێمۆری کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواری لە پێگەی ژمارە(٤٥٨) لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدات و ماوەی گرێبەستەكەش لەگەڵ هەردوو زانکۆی هارڤارد و ئێمۆری لە ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٦ دەبێت.