Skip to the content

بە گوژمەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر جێبەجێ دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر بە گوژمەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بە درێژیی ٧٥ كیلۆمەتر ئاوەڕۆ بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئاوی قورسی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی شاری ھەولێر و بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت، ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە و بەكار دەهێندرێت بۆ پارك و باخچەكان و ئاوەڕۆكانیش بە شێوەیەكی سەردەمی دروست دەكرێن و سوودێكی زۆری دەبێت.
دوێنێ چوارشەممە ٢١ ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نوێنەرانی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و ڕێكخراوی UNDP و كۆمپانیا ژاپۆنیەكان، پرۆسەی كردنەوەی تەندرە پێشكەشكراوەكانی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەسەر قەرزی ژاپۆنی بۆ ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
گوژمەی پرۆژەكە ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە و لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆنە، سەرەتا یەك لەسەر ھەشتی جێبەجێ دەكرێت، كە ٧٥ كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە و یەك لەسەر ھەشتی وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاوەكەیە كە پێی دەگوترێت پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر.
پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت و ئێستا تەنیا پارە بۆ قۆناغی یەكەم دابینكراوە و تەنیا ماوە دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، قۆناغی دووەمیش ٤٠٠ كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە، لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەدا ژمارەیەک هەلی کار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێت.