لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان کۆنفرانسی لافاوی شاری هەولێر دەستیپێکرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ١٧ ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، لەژێر چاودێریی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، نەوزاد هادی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، عەبدولڕەحمان سدیق سەرکی دەستەی ژینگە، عەبدولکەریم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و نوێنەری ژمارەیەک کونسوڵگەریی وڵاتان و پەرمانتارانی کوردستان و عێراق و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و دامودەزگاكانی شارەوانی و مامۆستایانی زانکۆ و شارەزایانی بواری لافاو و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناحکومییەکان، كۆنفرانسی لافاوی شاری هەولێر دەستیپێكرد كە لەلایەن پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکخراوە و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی كۆنفرانسەكەدا بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێكی پێشكەش کرد و گوتی "بەناوی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی، بەخێرهاتنێكی گەرمتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنی ئەو كۆنفرانسە زانستییە دەخوازم".
هاوكات سوپاسی لیژنەی ڕێكخەری كۆنفرانسەكە و مامۆستایانی بەشداربووی باسە زانستییەكان كرد و هیوای خواست بتوانن لە ڕێی ڵێكۆڵینەوە زانستییەكانەوە هاوكاری حكوومەت بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پێشكەشكردنی پێشنیازی زانستی لە سەرجەم بوارەكاندا.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ساسان عەونی، تیشكی خستە سەر گۆڕانكارییە ژینگەییەكان و قەیرانی ئاو و تێكچوونی سرووشتی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و لێكەوتەكانی كە كاریگەرییان لەسەر هەموو سووچێكی گۆی زەوی داناوە، ئاماژەی بەوەشكرد چەند ساڵێكە كاریگەری ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییانە لە ناوچەكە و دەوروبەری هەرێمی كوردستاندا بەدیاركەوتوون و لە كوردستانیش ئەو كاریگەرییانە بەشێوەیەكی بەرچاو دیاركەوتوون، بە تایبەتی وشکەساڵی و دابەزینی ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی، بارانی چڕ و بەخوڕ و لەناكاو و بارینی ڕێژەیەكی یەكجار زۆر لە كاتێكی كەم و لە ناوچەیەكی سنوورداردا، كە چەند جارێك بووە هۆی دروستبوونی لافاو و لە ئەنجامدا لەدەستدانی گیانی هاووڵاتییان و زیانی ماددی لێكەوتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لە لافاوەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی و چارەسەركردنی گرفتەكان، لەمبارەیەوە گوتی "لە ساتەكانی یەكەمی ڕوودانی ئەو كارەساتەدا، جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی گەیشتە شوێنی ڕووداوەكە و سەرجەم فەرمانگە حكومییەكانی بۆ كاركردن و خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پاراستنیان و قەرەبووكردنەوەی خەڵك ڕاسپاردن و سەردانی خەڵكانی زیانلێكەوتووی كرد و هاوبەشی ئەو كارەساتە ناخۆشانەی لەگەڵدا كردن، دواتریش چەندین ڕێكار و هەنگاوی کردەیی و ڕاسپاردەی ئاراستەی لایەنە پەیوەنددارەکان کرد بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و چارەسەركردنی گرفتەكان كە ئەم كۆنفرانسە لە ئەنجامی ئەو ڕاوێژ و گفتوگۆیانەیە لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتدا كراون".
سەبارەت بە تەرخانكردنی بودجەی پێویستیش ساسان عەونی، گوتی"لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت گوژمەی زیاتر لە ٣٥ ملیار بۆ ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی پەیوەندیدارن بە پرسی لافاو تەرخانكراوە و ڕەزامەندبوون لەسەر سەرجەم ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەی لە کۆنووسی لیژنەی باڵای تەکنیکی پاراستنی شاری هەولێر لە لافاو پێشکەش کرابوون، کە درووستکردنی بەنداو و پۆند و کەناڵ و چەندین بابەتی دیکە لەخۆی دەگرێت".
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە گرتنەبەری چەندین ڕێكاری پێویست كرد كە لەدوای لافاوەكەوە جێبەجێ كراون، لەمبارەیەوە گوتی "جگە لە کارە دەمودەستەکان كە کەند و ئاوبەرە سروشتییەکان خاوێنکرانەوە و قەرەبووی شوێنە زیانلێکەوتووەکان كرا، زێدەڕۆکان لادران و ئاوەڕۆی تازە دروستكران کە چەند پڕۆژەیەکیان ئێستا لە شوێنە جیاجیاکانی هەولێر لەژێر جێبەجێکردندان. لەسەر ئاستی دوورمەوداش ڕەزامەندی حکوومەت بۆ دروستکردنی چەند پۆندێکی کۆکردنەوەی ئاو لە شوێنە گونجاوەکانی دەرەوەی هەولێر و کەمەربەندی پاراستنی لافاو و پڕۆژەی دیکە، هەمووی بەیەکەوە هاوکار دەبن لە کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانە لە داهاتوودا، جگە لەوەی لە هەمواری ماستەرپلانی شاری هەولێردا، کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی جایکا ئەنجامی دەدات، بابەتی لافاو و ڕەچاوکردنی مەترسییەکانی و دۆزینەوەی ڕێکاری چارەسەری زانستییانە، یەکێکە لە تەوەرە گرنگەکانی".
گوتیشی"حكوومەت لە هەموو بارودۆخێكدا بەرانبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان خۆی بە بەرپرسار دەزانێت و هەرگیز كەمتەرخەمی ناكات".