لە شاری هەولێر ٦٩ شەقام و كۆڵان قیڕتاو دەكرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لەسەر داهاتی شارەوانی و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێردا، ٦٩شەقام لە سێ گەڕەك قیڕتاو دەكرێن.
ئەو گەڕەكانەی لەو پرۆژانەدا سوودمەند دەبن، بریتین لە گەڕەكەكانی ( ژیان ، ئاسوودە ستی ، ڕۆشنبیری ). لەو ژمارەیەدا ٣١كۆڵان و شەقام كەوتوونەتە نێو گەڕەكی ژیان و بە درێژیی ٤٤٨٠م قیڕتاو دەكرێن، ٢١كۆڵان و شەقامیش كەوتوونەتە نێو گەڕەكی ئاسوودە ستی و بە درێژیی ٤٥٧٥م قیڕتاو دەكرێن، ١٧كۆڵان و شەقامیش لە قۆناغی سێیەمدا بە درێژیی نزیکەی ١٧٦٠٠م٢ لە گەڕەكی ڕۆشنبیری قیڕتاو دەكرێن.
دروستكردن و قیڕتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانی گەڕەكی ژیان و ئاسوودە ستی، دوێنێ شەممە 24ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بەردی بناغەی پرۆژەكان لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێرەوە دانران و دەست بە جێبەجێكردنی كرا، پرۆژەكەی گەڕەكی ڕۆشنبیریش لە چوارچێوەی كارەكانی پێشووی شارەوانییە بۆ قیڕتاوكردنی سەرجەم كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكەكە. گوژمەی ئەو پرۆژانە بە هاوبەشی لەنێوان پارێزگای هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دابینكراوە و بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانی پرۆژەكان جێبەجێ دەكرێن.