Skip to the content

ئاوەڕۆكانی شاری دهۆك خاوێن دەكرێنەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ وەرزی زستان و ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و مەترسیی كۆبوونەوەی ئاوی زیاد لە شاری دهۆكدا، لە هەڵمەتێكدا تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی دهۆك، دەستیان بە خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەكانی نێو شارەكە كردووە.
بەپێی ئەو پلانەی دەستیانپێكردووە، تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی دهۆك، بە بەشداری سەدان ئامێر و كرێكاری تایبەت بە خاوێنكردنەوە، ئاوەڕۆی سەنتەری شار و گەڕەكی بەروشكێ‌ و گەڕەكی زركایان خاوێنكردەوە كە بەهۆی زبڵ و خاشاكێكی زۆر كە لێیان كۆببۆوە، مەترسیی دروستبوونی لافاوی دروستكردبوو تەنانەت لە ئەگەری بارانێكی كەمیشدا.
بەر لەوەی زیان بە ماڵ و گیانی هاووڵاتیان بگات، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی دهۆك دەستی بە هەڵمەتە كردووە و تاوەكو تەواوی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆكانی نێو شاری دهۆك خاوێن دەكرێنەوە بەردەوام دەبێت.
 بە هەمان شێوە نزیكەی مانگێكە لە شاری هەولێر و دەوروبەریش لە ڕێگەی سەدان ئامێری شارەوانی و كرێكارەوە هەڵمەتی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان دەستیپێكردووە و بەردەوام دەبێت.