Skip to the content

بیرەكانی ٨ی حەسارۆك گەیشتوونەتە ئاو و ژمارەیەك بیری دیكەش لێ دەدرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئێستا كارەكانی لێدانی چوار بیری ئاوی خواردنەوە لە ٨ی حەسارۆك تەواوبوون، و لە پلاندایە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ چوار بیری دیكەش لێ بدرێن، لە هەر شوێنێكی گەڕەكەكە ژمارەی ماڵەكانیش بگاتە ٨٠ ماڵ، تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان بۆ ڕادەكێشرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەشتی حەسارۆك، ڕایگەیاند: تاوەكو ئێستا چوار بیری ئاو لە ٨ی حەسارۆك لێدراون كە قووڵی بیرەكان ٤٥٠ تا ٥٠٠ مەتر دەبێت و هەموویان گەیشتوونەتە ئاو، بەپێی پێویست و ئاوەدانبوونەوەی گەڕەكەكەش بەردەوام دەبین لە لێدانی بیری نوێ، هەروەها لە پلانماندایە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ چوار بیری دیكە لێ بدەین و ژمارەی بیرەكان دەگەیەنینە هەشت بیر.

ڕۆژی یەكشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی دروستكردنی شەقامێكی ٦٠ مەتری و ئاوەڕۆ بۆ كەرتی ٨ی حەسارۆك بە گوژمەی حەوت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای گەلیاوە واژوو كرا و پرۆژەی دروستكردنی شەقامە ٦٠ مەترییەكە و ئاوەڕۆی ٨ی حەسارۆك كەوتە بواری جێبەجێكردن، و هەر هەمان ڕۆژ، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو بەڵێنەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خاوەن زەوییەكانی ٨ی حەسارۆكی دا بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە ئەو گەڕەكە، چووە بواری جێبەجێكردنەوە و خزمەتگوزارییەكی زۆر باش لە ٨ی حەسارۆك جێبەجێ دەكرێت.

سەبارەت بە ڕاكێشانی تۆڕی ئاو، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕایگەیاند: چاوەڕێ دەكەین گەڕەكەكە لە كوێ زووتر ئاوەدان ببێتەوە و ژمارەی ماڵەكانی بگاتە نزیكەی ٨٠ تا ١٠٠ ماڵێك، تۆڕی ئاویان بۆ ڕادەكێشین.
لەبارەی دروستكردنی ئاوەڕۆش جەخت دەكاتەوە كە پرۆژەی ئاوەڕۆ لەگەڵ دروستكردنی شەقامەكان جێبەجێ دەكرێت، و ئێستا لەگەڵ دروستكردنی شەقامە ٦٠ مەترییەكە، نزیكەی هەزار و ٧٠٠ مەتر ئاوەڕۆ دروست دەكرێت، چونكە لە هەر شوێنێك شەقام دروست بكرێت، ئاوەڕۆشی لەگەڵ دا دروست دەكرێت.