بە گوژمەی ملیارێك و ٧٢٠ ملیۆن دینار پرۆژەی قیڕتاوكردن و ئاوەڕۆی گەڕەكی ئاسوودە سیتی دەستیپێكرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی حكوومەت، پڕۆژەی درووستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی گەڕەكی ئاسوودە سیتی دەستیپێكرد.
پڕۆژەی قیڕتاوكردن و درووستكردنی ئاوەڕۆی گەڕەكی ئاسوودە سیتی بە گوژمەی ١ ملیار و ٧٢٠ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار دینار، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر و بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێت؛ چەندین بڕگە لەخۆ دەگرێت، لەوانە درووستکردن و قیڕتاوکردنی شەقام و ئاوەڕۆی کۆڵانەکانی گەڕەکی ئاسوودە سیتی كە ژمارەی شەقامەکان ٢١ شەقامن و درێژییان ٤٥٧٥ مەترە.
ئەوەش درووستکردن و قیڕتاوکردنی شەقام دەگرێتەوە و گشت بڕگەکان لەخۆدەگرێت (کاری خۆڵکاری و چینی یەکەمی تێکەڵە و کیربستۆن و چینی دووەمی تێکەڵە و قیڕتاوکردن بە چینی ستبلایزەر بە ڕووبەری ٣٨٧٠٠م٢، هەروەها درووستکردنی ئاوەڕۆش لەخۆدەگرێت بە درێژیی ٤٥٦٠ م و كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەو گەڕەكە هەژارنشینە دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی و دامودەزگەكانی دیكە بەدواداچوونیان بۆ چۆنیەتیی جێبەحێكردنی پڕۆژەکە كرد و داوایان لە تیمەكانی شارەوانی كرد كە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا ڕژد بن، هەروەها ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكیان لەپێناو خزمەتكردنی گەڕەكەكە و جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەربڕی، هاوكات لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی گەڕەكەكە گفتوگۆیان كرد و بەدواداچوون بۆ كێشە و داواكارییەكانی هاووڵاتییان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە كرا.