Skip to the content

بەر لە هاتنی زستان ئاوەڕۆکانی هەولێر پاک دەکرێنەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەیاوەریی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە مەبەستی بەدواداچوونی كارەكانی پڕۆسەی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی هەولێر، سەردانی تیمەكانی بەڕێوبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی كرد.

ئامانج لەو سەردانەیدا پاڵپشتیی هەڵمەتەكە و بەسەركردنەوەی تیمەكانی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانە، وەك ئامادەكارییەك بۆ وەرزی زستان.

ماوەی ١٥ ڕۆژە هەڵمەتێكی چڕی خاوێنكردنەوەی چاڵەكانی ئاو و ئاوەڕۆكانی شاری هەولێر دەستیپێكردووە و چەند مانگێكی دیكەش بەردەوام دەبێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، دەستخۆشی لە كارمەندان و تیمەكانی خاوێنكردنەوە كرد و ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەكی دەربڕی بۆ بەردەوامیی هەڵمەتەكە.

تاوەكو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار چاڵی ئاو خاوێنكراونەتەوە و ڕۆژانە نزیكەی ٨٠ كرێكاری تایبەتمەند لە پڕۆسەی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان بەشدارن.

بۆ ئاگاداركردنەوەی تیمەكانیش لە هەر گرفت و داواكارییەكی هاووڵاتییان. شەش ژمارەی تەلەفۆنی فریاگوزارییش لە سنووری شارەوانییەكان دانراون.