مەسروور بارزانی بە گوژمەی زیاتر لە ٢٦ ملیار دینار بەردی بناغەی ژمارەیەك پڕۆژەی لە زاخۆ دانا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەمممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە شاری زاخۆ بە گوژمەی زیاتر لە ٢٦ ملیار دینار بەردی بناغەی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سێكتەرە جیاوازەكان دانا و بەم بۆنەیەوە گوتارێكی پێشكەشكرد و لە بەشێكی گوتارەكەیدا جەختی لەسەر گرنگیی پڕۆژەكان و بەردەوامیی خزمەتكردنی دەڤەرەكە كردەوە و ئاماژەی بەوەش کرد كە هەرچی بۆ خەڵکی ناوچەكە بکرێت، مافی خۆیانە.
هاوكات لە ڕێوڕەسمەكەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ژمارەیەكی دیكە لە وەزیرە پەیوەندیدارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و فەرمانگەكانی دەڤەرەكە ئامادەی بوون.
هاوكات لە ڕێوڕەسمەكەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ژمارەیەكی دیكە لە وەزیرە پەیوەندیدارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و فەرمانگەكانی دەڤەرەكە ئامادەی بوون.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێكی وتارەكەیدا وێڕای پیرۆزبایی لە ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوتی "زاخۆ ناوچەیەکی گرنگە بۆ ئێمە و لە شۆڕشەکانی کوردستان قوربانیی زۆری داوە، خەڵکێکی زۆری خاوەن شەهیدی تێدایە، بۆیە هەر شتێک بۆ ئەوان بکرێت، حەقی خۆیانە."
هەروەها سەرۆکی حکوومەت لە گوتارەکەیدا باسی لە گرنگیی زاخۆ لەڕووی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزارەوە کرد و دووپاتیکردەوە "بە دووسایدکردنی ڕێگە و شەقامەکانی زاخۆ، کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێت. زاخۆ لە ڕووی گەشتوگوزاریشەوە ناوچەیەکی دڵڕفێنە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی شەڕەوە ناتوانین زۆر شوێن ئاوەدان بکەینەوە، هیوادارین ڕێز لە سەروەریی خاکمان بگرن، بۆ ئەوەی خەڵکمان بگەڕێتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و پڕۆژەی زیاتری گەشتوگوزاری جێبەجێ بکەین."
هەر لە ڕێوڕەسمەكەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بەو پڕۆژانەی لەلایەن شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێدەكرێن، گوتارێكی پێشكەش کرد و لە سەرەتای وتارەكەیدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خۆی لە ڕێوڕەسمی كردنەوە و دەستپێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەدا لەگەڵیاندا بەشدار دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی وتارەكەیدا سەبارەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان گوتی "ئەم پڕۆژانە هەموویان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گرنگن بۆ هاووڵاتییانی زاخۆ و خزمەتی خەڵكە تێكۆشەر و قوربانیدەرەكەی ئەم دەڤەرە دەكات، ئەوانیش بریتین لە درووستكردنی ڕێگەوبان و جووتسایدی ئیبراهیم خەلیل-باچیكا، شەقامی سەرەكیی ناحیەی دەركار و جووتسایدی باتیفا و نۆژەنكردنەوەی بازاڕی كۆنی زاخۆ بەشێوە كولتوورییەكەی، لەگەڵ چەندین پڕۆژەی دیكە، كە تێكڕای ئەو پڕۆژانە بە گوژمەی ٢٦ ملیار دینار جێبەجێ دەكرێن."
شایانی باسە جگە لەو پڕۆژانە، لە ئێستادا هەمواری ماستەرپلانی شاری زاخۆ جێبەجێ دەكرێت، بە تەواوكردنی ماستەرپلان، فراوانبوونی شاری زاخۆ بەپێی پلان دەبێت و خەڵكی ئەو دەڤەرە زیاتر سوودمەند دەبن. هەروەها كار لەسەر درووستكردنی چەند پاركێكی شایان بۆ شارەكە كراوە، بە تایبەتی پاركی گشتیی زاخۆ، كە ئەویش كاریگەری لەسەر زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی دەبێت.